بەناوی خوای گەورەى میهرەبان
نامەیەکی کراوە بۆ پاپای ڤاتیکان، پاپا فەرەنسیس لەبارەی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ لەغەززە و فەڵەستین
نووسینى: د. علی محمد الصلابی
وەرگێڕانى: عبداللە گەرمیانى
بەڕێز پاپا ئەسقەفی ڕۆما و سەرکردەی ڕووحیی کڵێسای کاسۆلیکیی بەڕێز، سڵاو ڕێز و دڵنیایی و دڵ ئارامی، خێر و خۆشی بۆ هەموو بێ تاوانانی مرۆڤ لەم گەردوونەدا پاشان:ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم لەبارەی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ و ئەو سزا بەکۆمەڵەی کە داگیرکەری ئیسرائیلی و پاڵپشتەکانی دەرهەق بەگەلی فەڵەستین لەغەززەو فەڵەستین ئەنجامی ئەدەن، بەو ئومێدەی بەلای بەڕێزتانەوە گوێ بۆ گرتنى هەبێت ، هەروەها کاریگەری باشی هەبێ لەدەروونتاندا و پشکدار بێ لەکۆتایی هێنان بەو چەرمەسەرییە مرۆییەى لەفەڵەستیندا ئەنجام دەدرێت، چونکە پاڵنەری ئەم نامەیە، پاڵنەرێکی مرۆیی و ڕەوشتییە و بەئامانجی خواپەرستیی نووسراوە. بەڕێز پاپا: لەو کاتەی کە ئەم نامەیەی تێدا دەنووسم ، بەها و بنەما و ڕێنماییەکانی گەورەمان مەسیح (سەلامی خوای لەسەر بێ) لەپارچەیەک لەپارچەکانی زەوی و لەخۆشەویسترین پارچەکانی زەویی پیس دەکرێت ، لەشوێنی دابەزینی شەریعەتە ئاسمانییەکان لەفەڵەستیندا لەسەر دەستی سوپای داگیرکەر و داگیرکەری ئیسرائیلى و هاوپەیمانەکانی ئەوانەی کە جۆرەها چەکی لەنێوبەر بەکارهێنن و ئەوپەڕی دڕندەیی و کوشتن بەکاردەهێنن دەرهەق بەلاوازان،ئەوانەی کە چێژ ئەبینن لەبۆردومانکردنی منداڵ و ژن و پیر و پەکەوتە و گەنجانی بێ تاوان و، مەدەنییەکان گەمارۆ دەدەن و برسییان ئەخەن ، دەواو دەرمان و ئاو و خۆراک و کارەبا لەشاری غەززە ئەبڕن.
بەڕێز پاپا:ئەوەی مایەى شۆک و سەراسیمەیە، ئەوەیە ئەم ستەمە لەسایەی کۆمەڵێ دەوڵەتی مەسیحیی ڕۆژئاواییەوە ئەنجام ئەدرێ، وەک وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، کۆمەڵە دەوڵەتێک کە لە دەستورەکەیاندا وەک نوێنەرایەتی بەهای بەرزی مرۆیى خۆیان پیشان دەدەن و پشت دەبەستنە مەرجەعیەتی ڕەوشتی و ویژدانیی ڕووحیی مەسیحییەت ، ئەو دەوڵەتانە هەر لەوەدا نەوەستان کە بێدەنگ بن بەرانبەر بەو قوربانی و قەسابخانەیەی دەرهەق بەمەدەنییە ئارامەکان ئەنجام ئەدرێ، بەڵکو سوپا و چەک و سەروەت و سامانیشیان خستە خزمەت ئەو کارە دڕندانەیە و ئەوپەڕی پاڵپشتی سیاسی و هەواڵگری و لۆجیستییان خستە خزمەت ئەو دەوڵەتە ستەمکارەوە ،هەروەها پاڵپشتن لەو دەردەسەرییە مرۆییەی کە پێچەوانەی دیارییەکانی ئاسمانە و دژە بەمیتۆدی سەرکردە شارستانییە مرۆییەکان، لەوانە پەیامبەرانی خوا ئیبراهیم و موسا (سەلامی خوایان لەسەر بێ) کە لەسوحوفەکەیاندا لەسەر زمانی پەروەردگارمان، خوای گەورەى دروستکاری گەردوون و مرۆڤایەتی لەکتێبە پیرۆزەکەیدا کە قورئانی پیرۆزە هاتووە: ((أَمۡ لَمۡ يُنَبَّأۡ بِمَا فِي صُحُفِ مُوسَىٰ،وَإِبۡرَٰهِيمَ ٱلَّذِي وَفَّىٰٓ،أَلَّا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰ،وَأَن لَّيۡسَ لِلۡإِنسَٰنِ إِلَّا مَا سَعَىٰ،وَأَنَّ سَعۡيَهُۥ سَوۡفَ يُرَىٰ،ثُمَّ يُجۡزَىٰهُ ٱلۡجَزَآءَ ٱلۡأَوۡفَىٰ))النجم:٣٦-٤١،واتا: یان ئایا ئاگادار نەکرابوو بەوەی کە لەپەڕاوەکانی موسادا بوو. (وە بەوەی کە لەپەڕاوی ئیبراھیمدا بوو) ئەو ئیبراھیمەی کە پەیمانی خۆی بەچاکی بەجێ ھێنا.(لەو پەڕاوانەدا ھاتووە) کە ھیچ تاوانبارێك گوناھی تاوانبارێکی تر ھەڵناگرێت. وەبێگومان ئادەمی جگە لەکۆششی خۆی خاوەنی ھیچی تر نیە (لە دواڕۆژدا).و بێگومان ھەوڵ کۆششەکەی لە داھاتوو (لەقیامەت)دا دەبینرێتەوە.پاشان پاداشت دەدرێتەوە بەتێر وتەواوی.
لەهەموو ئەو پەیامە ئاسمانییە ڕاست و رەوانانەدا، لەبانگەوازی پەیامبەراندا کە نوح و ئیبراهیم و موسا و عیسا و موحەمەد (سەلامی خوایان لەسەربێ) هەڵیان گرتووە، بناغەی ژیان بریتییە لەدادپەروەری و ئاشتی، ئەوەیە هیچ مرۆڤێک تاوانی مرۆڤێکی تر لەئەستۆ نەگرێ، ئاخۆ چۆن دەکرێ ئەم سزا بەکۆمەڵ و ئەم قەسابخانە ترسناکە و ئەم تاوانە زایۆنیزمییە بەرانبەر بەو قوربانییانە بکرێت تاوەکو هەتا ساتی ئامادەکردنی ئەم نامەیە گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار و حەوت سەد مرۆڤی مەدەنیی بێ تاوان کە هەزار هەشت سەد و حەفتا و سی کەسیان منداڵە و هەزار و بیست و سێ کەسیان ئافرەتە و سەد و هەشتا و حەوت کەسیان کەسانی بەتەمەن و دەیان کەس لەژێر دار و پەردووی خانووەکاندان لەغەززەدا، ئەمەش لەسایەی بێدەنگی و خۆکپکردنێکی زۆرینەی سەرکردە و دامەزراوە ئەوروپیەکان و سەنتەرە ئایینییە کڵێساییەکانی ئەو وڵاتانە ،وەک ئەوەی ئەو مرۆڤە فەڵەستییانەی کە دەمرن مرۆڤ نەبن،ئەو دەوڵەتانە مامەڵە دەکەن.
بەڕێز پاپا: ئاگاداری بانگەوازى ئێوەین بۆ کردنەوەی کۆمەڵێ ڕێڕوەی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو گەمارۆدراوانەی لەکەرتی غەززەدان،هەروەها ئاگاداری لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ڤاتیکانین کاردینال پیترۆ باڕولین کە ئەڵێ: ئەولەویەتی ڤاتیکان، بریتە لەدەستەبەرکردن و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە حەماس بەبارمتەى کردوون،هەروەها ڤاتیکان ئامادەیە بۆ هەر نێوەندگیرییەکی پێویست. هەروەها ئاگاداری وتەی ئەو کەسەین لەچاوپێکەوتنى لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڤاتیکاندا کە وتی: ئەو پەلامارەی کە حەماس ئەنجامی ئەدا، پەلامارێکی نامرۆڤانەیە. هەروەها ئەڵێ: تەنانەت لەبەرگریکردنی ڕەوا لەخود، پێویستە ڕێز لەپێوەرە گونجاوەکان بگرێت. هەروەها گوێبیستی ئەو لێدوانانە بووین کە لەوەزیری دەرەوەی حکومەتی داگیرکەری ئیسرائیلی ئیلى کوهینەوە دەرچوو، کە ئەڵێ: ئەگەر کراوە ڤاتیکان زیاتر گرنگی بەچەرمەسەریی ئیسرائیل بدات. بۆیە سەرسام و دۆش داماوین لەئەولەویەتی سەرکردایەتی ڤاتیکان کە بریتیە لەئازادکردنی بارمتەکان! هەروەها ئاماژەیەکی پێویستی نەکردە ڕاگرتنی جەنگ و کوشتاری ئەو مەدەنیانەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، ئاخۆ چەرمەسەریی کوژراوان و برینداران و دەربەدەر و برسییەکان،بەراورد بەبارمتە ئیسرائیلیەکان هیچ نین!؟ پاشان لێدوانى ڕاگەیاندنەکان و هەڵوێستە سادەکانتان، هەموو ئەو چەرمەسەریە مرۆییانە و تاوانە قێزەونانەی لەغەززە و فەڵەستیندا ئەنجامى دەدرێت، ڕادەگرێت؟ ئاخۆ ئەوە بەسە بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاریی ئیسرائیل کە بەدرێژایی چەندین دەیە لەداگیرکردنی فەڵەستیندا پشتی بەستووەتە تەنگ هەڵچنین بەمەسیحی و موسڵمانەکان و سووکایەتیکردن بەپیرۆزەکانیان؟! ئاخۆ ئەو بەلای بەڕێز پاپاوە شاراوەیە کە چەندان شوێنی ڕەگەزپەرستانەی زایۆنی و چەندان جار دووبارە بووەتەوە دەرهەق بەمافی سەردانیکارە مەسیحییەکان کە سەردانی بەیتولمەقدس ئەکەن و زیاتر لەجارێک ڕێگری کراون لەوەی کە ناناتوانن بگەن بەکڵێسەی قیامە تاوەکو نوێژ و دروشمە ئایینیەکانیان بەناوی شەممەی ڕووناکی و جەژنی فوسحی شکۆدار ئەنجام بدەن،هەروەها دەستدرێژی کردنە سەر کڵێسە مەسیحییەکان و شوێنە مێژووییەکانى مەسیحییەت لەقودس و بەیتەلەحم و ناسیرەو و خەلیل،هەروەها دەستدرێژی کردنە سەر کڵێسەی قیامە و کڵێسەی قەبر و کڵێسەی ئەلمەهد لەبەیتەلەحم و کڵێسەی ئەلبەشارە لەناسیرات، ئەمەو سەرباری تەعداکردن و دەستدرێژیکردنی خەڵکە داگیرکەرەکان بۆ سەر دیواری بەتریکی ئەرمەنی لەشاری قودس و نووسینی چەندەها دروشمى مەرگ بۆ عەرەب و ئەرمەن و مەسیحییەکان، بەوەی کە قودس تەنیا بۆ جولەکەیە نەک بۆ خەڵکی تر!؟
هەر ئەوەندە بەستە سەرکۆنەی ئەو داگیرکەرە جوولەکانە بکرێ کە لەقودسدا پەلاماری پیاوە ئایینەکانی مەسیح دەدەن و زیاتر توندبووەتەوە و لەم ڕۆژانەدا داگیرکەر لەشوێنە مەسیحییەکانیش دەست ناپارێزێت؟!ئاحۆ لەوە بەڵگەیەکی گەورەتر هەیە لەبارەی ئەو پەلامارە دڕندانەی کە ئەکرێتە سەر غەززە و کەراسەو ئامێری ئیسرائیلیی نەخۆشخانەی مەعمەدانی سەر بە کڵێسەی ئەسقەفیە ئەنجیلیبەکانی کردە ئامانج و کڵێسەی قەشە پرۆفیسۆرى ڕۆمی ئارسەدۆکسی لەغەززەدا تەختی زەویی کرد، هەروەها لەنێوبردنی بیست و شەش مزگەوت بەتەواوی، چۆن ئەکرێ ئەم لێدوانانەی ئێوە بەس بن بۆ دانانی سنوورێک لەبارەی هەموو ئەو شتانەی کە ڕوو ئەداتەوە؟ هەرکەسێ ئەو لێدوانانەی ئێوە بەوردیی بیخوێنێتەوە، ئەبینێ یەکسانی ئەکرێ لەنێوان قوربانی و جەلاد، لەکاتێکدا چاوپۆشی کراوە لەدەیان ئەو سنووربەزاندن و تاوانانەی کە داگیرکەری ئیسرائیلیی دەرهەق بەدانیشتووانی فەڵەستین لەموسڵمان و مەسیحییەکان هەر لەسەرەتای داگیرکردنی فەڵەستینەوە لەساڵی١٩٤٨ى زاینەوە تاوەکو ئێستا ئەنجامى دەدات.
بەڕێز پاپا: ئاخۆ تاوانى ژن و منداڵ و مرۆڤى پەککەوتە چییە لەو سزادانە بەکۆمەڵە ستەمکارانەى کە ئەتکى مافەکانى مرۆڤ و یاساى نێودەوڵەتى و شەریعەتە ئاسمانییەکان دەکات؟ ئەو کارە دوژمنکارانەیە، جەخت دەکاتەوە لەسەر دووفاقیی دەوڵەتانى رۆژئاوا بەرانبەر مافەکانى مرۆڤ لەبابەت ئازادى و ژیانى رێزدارانە و ناشیرینکردنى شارستانییەتى رۆژئاوا و ئەو بەها باڵایانەى کە مەسیحى گەورەمان(سەلامى خواى لەسەربێ)هەڵیگرتووە، بۆیە بەرانبەر ئەو تەحەدا شارستانى و رەوشتییە، پێویستە دەنگى ئێوە بەرزبێتەوە لەسەرکۆنەکردنى ئەو دوژمنکارییە و ئەو تاوانانە شەرمەزار بکەن و خۆتان بدەنەوە پاڵ مرۆڤ بەجیاوازیی رەنگ و رەگەز و بیروباوەڕیانەوە. ئەوەش پەیامى پەیامبەرانە لەئادەمەوە بەتێپەڕبوون بەگەورەمان نوح و ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقوب و یوسف و هارون و داوود و سولەیمان و زەکەریا و یەحیا و عیسا و موحەممەد(سەلامى خوایان لەسەربێ). ئاخۆ دەنگ و لێدوانى ئێوە بەرزدەبێتەوە بگاتە ئاستى راگرتنى ستەم و پارێزگاریکردنى ستەملێکراوان لەو ستەم و سزادانە بەکۆمەڵە!؟
بەڕیز پاپا: کەسێتی تۆ، نیشانەی پێشەنگییە بۆ زۆرێک لەمەسیحییەکانی جیهان، بەتایبەت لەکۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا، بۆیە بێ دەنگی کردنت یان بە شەرمەوە قسە کردن لەبارەى ئەو شتانەی کە لەو تاوان و تاوانکاری و هەڵمەتی ڕاگواستن و پاکتاوە ڕەگەزییەی لەفەڵەستیندا ڕوو دەدات ، تێڕوانینێکی پێشوەختە دەداتە ئەو ئاشتییەی کە تۆ و پیاوە ئایینەکانی مەسیحییەت لەڕۆژئاوادا لە بۆنە و نوێژەکانتاندا بانگەوازی بۆ دەکەن ، ئەگەر تۆ ئەو جەنگە بەجەنگێکی دادپەروەرانە ببینی،ئەوە لەخودی خۆیدا تاوان و کارەساتێکی گەورەیە و وەها گومان نابەین لەئەدەبیاتی مەسیح یان پەیامە ئاسمانییەکاندا شتانێک هەبێ برەو بەکوشتن و تۆڵەکردنی بەناحەق بداتەوە. بەڕێز پاپا: ئێمە ئوممەتێکی سەر بەبیروباوەڕێکین حەز بەستەم و دەست درێژیکردنە سەر مرۆڤ نادات، ئەو مرۆڤە ڕۆشنبیری و بیر و باوەڕ و ئایین و ڕەگەزی هەرشتێک بێت، ئێمە سەر بەشارستانییەتێکین باوەڕمان بەئاشتی و برایەتی خۆشویستنی مرۆڤ و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە هەیە، بۆیە نموونەی زۆر لەمێژووی ئیسلامدا هەیە،کە لەئیسلامەوە هەڵقوڵاوە، تەنیا ئەوەندە بۆ ئێمە ئەوە باس بکەین کە لەمیانەی فەتحی یەکەم بۆ قودس و فەڵەستین لەڕۆژگاری خەلیفەى ڕاشیدی عومەری کوردی خەتاب (خوای لێ ڕازی بێ ڕوویدا) کە جوانترین نموونەی لێبوردەیی ئایینی و برایەتی مرۆییە و مەسیحییەکان لەو سەردەمەوە لەو چاوپێکەوتنەدا ئارامی و پەیمانی پێکەوە ژیان و خۆشەویستی و سۆزیان بینییەوە، ئەوە پەیماننامەی عومەریی بۆ خەڵکی ئیلیا(قودس) لە پێدانی سەلامەتی بۆ خەڵکی ئیلیا و ئارامیی بۆ خۆیان و کەس و کار و سامان و کڵێسا و خاچ و بێ تاوانەکان و تەواوی میلەتیان بوو:هیچ کەسێک لەکێسادا نیشتەجێ نەبێ و کڵێساکانیان نەشێوێندرێ و هیچ شتێکی لێ کەم نەکرێتەوە و لەحەوشەی کڵێسەکان هیچ داگیر نەکرێ و زیان بەخاکیان نەدرێ، هەروەها زیان لە هیچ سەرو سامانیان نەدرێ و لەئایینداریاندا زۆریان لێ نەکرێ و ستم و زیان بەهیچ کەسێکیان نەگەیەندرێ و هیچ کەسێکی خەڵکی جوولەکە لەگەڵیان لەئیلیا نیشتەجێ نەکرێت(لەسەر داواکاریی خودی مەسیحیەکان بوو). بەو جۆرە ئەمیری ئیمانداران لەسەردەمی هێزی موسڵماناندا پێداگر بوو لەسەر ڕێسای ئازادیی بیر و باوەڕ لەکۆمەڵگەدا. ئێمە ئوممەتێکین سەر بەڕۆشنبیریی لێبوردەیی و چاکەکارین لە هەموو قۆناغە هەمەجۆرەکانی ژیاندا، سوڵتان ئەلناسر سەلاحەددین جوانترین نموونەی ڕەوشت و لێبووردەیی لەگەڵ دوژمنە خاچپەرستەکانیدا خستەڕوو لەکاتی ئازادکردنی بەیتولمەقدس، خاچپەرستان خۆیان شایەتی ئەو ڕووە جوانەی رزگارکارە موسڵمانەکانیان بۆ قودس داوە، مێژوونووسی ئەمریکی جیمس وەستن ئەڵێ: سەربازەکانی سەڵاحەدین ڕەفتارێکی نموونەییان گرتەبەر لەداگیرکردنی قودس لەساڵی هەزار و سەد و هەشتا و حەوتی زایین، سەڵاحەدینى ئەیووبی بۆ خۆی ناوبانگەکەی نەزری کرد کە تۆڵە لە هیچ شتێکی سەر خاچ پەرستان نەکاتەوە لەوەی لەجەنگی یەکەمدا ساڵی هەزار و نەوەد و نۆی زایین ئەنجامیاندا بەهۆی پارێزگاری کردنی کڵێسای قیامە و شوێنەکانی تری مەسیحییەت، هەموو ئەو لێبووردنەی سەلاحەدین لەبارەى ئاییندارەکانی ترەوە، هەروەها بەرانبەر شوێنە پیرۆزەکانی ئایینی مەسیحییەت ، وەها دەرەکەوێ کردەوەکانی سەڵاحەدین لە نموونەیەک و پێشەنگێکی جوان دابنرێت لەسەر چۆنێتی ڕەفتارکردنی بەرانبەر بەدوژمنەکانی، بۆ هەمیشە بەنەرمونییان و لێبوردەوە بە سۆز ئەمێنێتەوە ..
هەروەک مێژوونووس و فەیلەسووفی فەرەنسی ستیڤن ڕانسمار ئەڵێ: موسڵمانە سەرکەوتووەکان،سەرکەوتن بۆ دامەزراوەی مرۆڤایەتی، بەڵام فەرەنجییەکان لە هەشت سەد و هەشتادا لەخوێنی قوربانییەکان لەتاواندا ڕۆچوون، هیچ ماڵێکیان لەتاڵانیی نەپاراست، بەڵام موسڵمانان ئەوەیان نەکرد، نە تاوانیان کرد و نە ناخۆشیان نەهێنایە ڕێى خەڵکی، ئەوەش بەپیاوانی پۆلیس لەسەر فەرمانی سەڵاحەدینی ئەبووبی و بە شەقامەکاندا ئەسوڕانەوەو ڕێگرییان ئەکرد هیچ کەسێک تەعدا و دەستدرێژی لەمەسیحییەکان بکات. مێژوونووسی فەرەنسی ڕێنیشت ڕوسیا بەدەق ئەڵێ: پێچەوانی خاچپەرستان، سەلاحەدینی ئەیووبی وەعدی شەرەفی داو بەهەستێکی مرۆیانە و شەرەفمەندانە و بەڕووحێکی شۆرشگێڕانەوە کە بۆ ماهی مێژوونوسی لاتین کاتێ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە ئەگێڕێتەوە ئەڵێ: هەندێ دەمارگیر داوایان لەسەڵاحەدین کرد کە پەرستگە مەسیحییەکان بڕوخێنرێ و کاول بکرێ و کڵێسەی قیامەت کاول بکرێ تاوەکو مەسیحییە باوەڕدارەکان ئەوانەی باوەڕیان بەسێ گیانەی پیرۆز هەیە، نەتوانن جارگێکى تر سەردانی ئەو شوێنە بکەن، بەڵام ئەوە وەڵامی دایە: بۆچی بڕۆخوێندرێ تاوەکو ئەوان ئامانجیان پاراستنی ئەو شوێنە پیرۆزە و گۆڕی پیرۆز بێ نەک دەرەوەی ئەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو شوێنەش تەختی زەوی بکرێ، ئەوە تەواوی چین و توێژە مەسیحییەکان دەستبەرداری ئەوە نابن بۆ گەیشتن بەو شوێنە، بەڵام با ئەوە بکەین کە خەلیفە عومەر کردی و ئەو شوێنەی پاراست کاتێک لەساڵانی یەکەمی ئیسلامدا فەتحی قودسی کرد. لەسەر ئەوە ئەڵێن: هەموو ئەو سیفەتە جوانانەی کە ئەو سوڵتانە مەزنە پێى تایبەتمەند بوو لەئازادیی بۆچوون و ڕادەربڕین، هەمووی لەو دەقە جوانەوە سەرچاوەی گرتبوو.
بەڕێز پاپا: بەرگریکردن لەخەڵکانی لاوازی موسڵمان یان غەیرە موسڵمان لەنەوەی مرۆڤ، یەکێکە لەو خواپەرستییانەی کە مرۆڤ خۆی لەخوای گەورە،خوای دروستکاری گەردوون نزیک ئەکاتەوە، ئەو خوایەی کە خۆی ناساندووە بە ناوە جوان و سیفەتە بەرزەکانی و ئەفەرمووێ: ((هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِي لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَۖ عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ وَٱلشَّهَٰدَةِۖ هُوَ ٱلرَّحۡمَٰنُ ٱلرَّحِيمُ،هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِي لَآ إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلۡمَلِكُ ٱلۡقُدُّوسُ ٱلسَّلَٰمُ ٱلۡمُؤۡمِنُ ٱلۡمُهَيۡمِنُ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡجَبَّارُ ٱلۡمُتَكَبِّرُۚ سُبۡحَٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشۡرِكُونَ،هُوَ ٱللَّهُ ٱلۡخَٰلِقُ ٱلۡبَارِئُ ٱلۡمُصَوِّرُۖ لَهُ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰۚ يُسَبِّحُ لَهُۥ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِۖ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ))،واتا: خوا ھەر ئەو زاتەیە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە ئەو، زانای ھەموو نھێنی وئاشکراکانە ھەر ئەوە بەخشندەی میھرەبان. ئەوە ئەو خوایەیە کە بێجگە لەو پەرستراوێکی ڕاست نیە پاشا وپاك وبێگەرد وئاشتیدەر و، دڵنیاکەرە وچاودێر و پارێزگار وزاڵ وباڵادەسەت وخاوەن شکۆ وشایستەی ھەموو گەورەییەكە، پاکی وبێگەردی بۆ خوایە لەو ھاوبەشانەی کە بۆی دائەنرێ. ھەر ئەوە خوا وبەدیھێنەر وداھێنەرو ووێنە کێشە، ھەر بۆ ئەوە ھەموو ناوێکی ھەرە جوان وپاك، ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەوی دایە ستایشی ئەو دەکەن وە ھەر ئەوە زاڵ وباڵادەست وکار بەجێ.
هەموو کاروباری بوونەوەران بۆ خوای گەورە ئەگەڕێتەوە و خوای گەورە لەسەر کارو کردووە باش و خراپەکانی لێپرسینەوەیان ئەکات و پاشان سەرەنجامی هەموو مرۆڤێک بۆ بەهەشت یان بۆ دۆزەخە، ئەوەش دوای ڕۆیشتن لەجیهانی ترسناکى بەرزەخەوە بۆ ڕۆژی زیندووبوونەوەی گەورە. بەڕێز پاپا: ئەو دزەکردنە گەورەیەی کە لەشارستانییەت و بەهای ڕۆژئاوا دروستبووە لەنێوان هەندێک لایەن و نووسەر و مێژوونووس و پیاوانی ئایینی و ئەوانەی لەسەر زایۆنیزم ئەژمێردرێن و بانگەوازە درۆینەکان لەبارەی بیرۆکەی هەیکەلی سولەیمان و بیروباوەڕی خاکی میعادەوە، کە بەهۆیەوە لەمڕۆدا خوێنی خەڵکانى بێتاوان بەناهەق دەڕێژرێ، تەنیا کۆمەڵێک درۆ و ناڕەوا و باتڵە و زۆرێک لەپیاوانی ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارناسان لەتوێژینەوە چڕوپڕو بابەتییەکانیاندا تەنانەت خودی جوولەکانیش ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە، بۆ نموونە دانەیەکیان باس ئەکەین کە بۆ نموونەیە نەک ئەوەى هەمووی بێ:شوێنەوارناسى ئیسرائیلی ئیسرائیل فلتشتاین کە کەسێکی ئەکادیمییە لەزانکۆی تەلئەبیب و بەشدارى بۆچوونی کۆمەڵێک توێژینەوەى توێژەرانی جوولەکە و ڕۆژئاواییە بەوەی، پرۆسەکانی گەڕان و کنە و پشکنین لەژێر حەرەمی پیرۆز و مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی قوبەتولسەخرە هەتا ئێستا یەک بەڵگەی نەخستووەتەڕوو لەسەر ڕاست و دروستیی خاکی میعاد و چیرۆکی هەیکەل. ئەوەیە کە زانای شوێنەوارناس لەزانکۆی تەلئەبیب پرۆفیسۆر زائیف هرتزچ سەلماندوویەتی، کە بەشداری زۆرێک کاری گەڕانی شوێنەواری شوێنەوارییە لەقودس و ئەریحا و ناوچەیەکی بەرفراوانی فەڵەستین، ئەو وەهای کردووە بەیەک ئەنجام بگات، ئەویش ئەوەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڕان بەدوای شتێک کە نەبووە دەست هەڵبگرین.
هەر وەک حاخام کونسیبیرۆکە، خوێندکارانی جوولەکەی لەهەموو ناوچەکانی جیهانەوە بانگەواز کرد و هێنا بۆ ئەریحا ، دان بەوەدا دەنێت بەڵگەی زانستیی لەسەر راست و دروستیی چیرۆکی جوولەکە لەبارەى خاکی میعاد بوونى نییە و تەنیا قسە و بانگەوازە و شتێکی لاوازە. ئەمە کۆمەڵە حەقیقەتێکە قەشە دکتۆر مونزر ئیسحاق ڕاگری ئەکادیمی کۆلێژی بەیتەلەحم بۆ کتێبی پیرۆز و شوانی کڵێسای میلادی لۆسەری لەکتێبێکی زۆر گرنگدا بەناونیشانی (خاکی میعاد) ئەوەی دووپات کردووەتەوە، بەهەمان ئەو قەناعەتانەی زانای ڕەخنەگری شوێنەوارناسی ئێرلەندی ئەمریکی جۆن دۆمینی کروسان گەیشتووە لەبارەى پەیوەستەی گوماناویی لەنێوان بەڵێننامەی تەوراتی و ئەوەی لەگەڕانی شوێنەوارناسیی قووڵ لەقودس و فەڵەستیندا پێیگەیشتووە. ئەمە هەندێ لەو بەڵگە و ئاماژانەن کە وەهامان لێ ئەکەن بەڕێز پاپا: جەخت بکەینە سەر گرنگیی ڕاستگۆیی و مەیلدار بوون بۆ ئەو حەقیقەتە مێژووییەی کە ئەوەسێتەوە سەر بەڵگەی عەقڵی لۆژیکی، بەوەی گەلی فەڵەستین گەلی ڕەسەن و خاوەن مافی مێژووییە و ئەوەیە وەهای لێکات پابەند و دەست بگرێ بەخاکەکەیەوە و بەرگری لەنامووس و پیرۆزییەکانی خۆی بکا و وەهاش لە ئێمە ئەکات پاساویان بدەین و بیانوویان بۆ بهێنینەوە لەپابەندبوون و دەستگرتنیان بەو شوێنە شارستانییە ئیسلامیی مەسیحییەی لەقودس و فەڵەستیندا هەیە و دەستیان پێوە گرتووە لەبەرانبەر ئەو داگیرکەرەی کە هەموو گێڕانەوەکانی خستووەتە سەر کۆمەڵێک وەهم و شتی بێ بنەماو و نادروست. بەڕێز پاپا: ئەو دۆخە مرۆییە سەختەی کە گەلی فەڵەستین پێیدا تێدەپەڕێت، پێویست دەکات ئێوە لەڕوانگەی مرۆیی و ڕەوشتییەوە دەستوەردان بکەن بۆ:
-ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو ناڕەحەتی و ناخۆشی و کوشتارەی بەسەر خەڵکانی بێ تاواندا دێت لەفەڵەستین و غەززە و بپانپارێزن و ناوچەکان نەکرێتە گۆڕەپانی جەنگ.
-ڕەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی ئەو ئەتکە نامرۆییانەی ئەنجام دەدرێ لەکاولکردنی مزگەوت و کڵێسا و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرگری شارستانی و نانەواخانە و وێستگەکانی کارەبا و ڕێگەو بانەکان و وێستگەکانی ئاو و شوێنی نیشتەجێبوونی ئارام، هەروەها پاراستنی شوێنی داڵدەدانی ئاوارە مەدەنییەکان ئۆنروا.
-هەڵگرتنی گەمارۆی ستەمکارانە لەسەر خەڵکی غەززە کە لەساڵی دوو هەزار و شەشەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام بووەوە و کۆتایی بەو چەرمەسەرییە مرۆییانە بێنێ کە بەشێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی گەلی فەڵەستین بۆتەوە. پەیامی ئێمە بەڕێز پاپا،ئەوەیە بەبێ بەڵگەی زانستی و مێژوویی دیدگا ناخەینە ڕوو، دیدگایەک کە دامەزراوە لەسەر بەهای هاوکاری و لێبوردەیی،ئێمە دیدگایەکی تەواومان هەیە لەبارەى بانگەوازی مەسیح (سەلامی خوای لەسەر بێت) لەڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گەندەڵی و خاوەن میتۆدی ئیسلامین لەهێنانەدى ئاشتی و دادپەروەری و برایەتی مرۆیی و باوەڕمان بەبانگەوازی پەیامبەرە پادشاکان هەیە لەنموونەی داود و سلێمان (سەلامی خۆیان لەسەر بێت)،هەروەها بەڵگەی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەیە لەسەر مافی مرۆڤی فەڵەستینى لەخاکى فەڵەستین و ئەو قەناعەت و بناغەیانە وەهامان لێ ئەکات ئامادەبین بۆ وتووێژ و وتووێژی نێوان شارستانیەتەکان و ڕۆشنبیری و بیروباوەڕەکان لەجیاتی دێدگای دوژمنکارانە کە کۆمەڵێک ڕووباری خوێنی بەسەر مرۆڤدا هێناوە و کۆمەڵێک شوێنەواری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ماددیی سەختی بەجێهێشتووە و کاولکاری و ترس و تۆقاندن تەواوی ناوچەیەکی فراوانی گرتووەتەوە و پەیوەندییەکان و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ڕۆشنبیرييەکانی کۆتایی پێهێناوە، ئەوە ئەو شتەیە کە بانگەوازی عیساى مەسیح(سەلامی خوای لەسەر بێ) و پەیامی موحەممەد کە کۆتایی پەیامە ئاسمانییەکانە دژی ئەوەستنەوە، پەیامی مەسیح و پەیامی موحەمەد (صلی الله علیه وسلم) بانگەواز ئەکەن بۆ ئاشتی و خۆشەویستی و هاوکاری و جێنشینێتی و ئاوەدانکردنەوەی زەوی.
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە.
شێخى دکتۆر على محمد الصلابی
جێگری ئەمینداری گشتیی یەکێتى جیهانیی زانایانى موسڵمانان
٧ى رەبیعى یەکەمى١٤٤٥کۆچى/٢٢ى ئۆکتۆبەری٢٠٢٣زایین